Into the Wild Review

610 views
Sha Shewakar
  • 3.5/5

In April 1992, Christopher McCandless arrives in a remote area just north of the Denali National Park and Preserve in Alaska. Noting McCandless' unpreparedness, the stranger who drops him off lends him a pair of boots. McCandless travels into the wilderness and sets up a campsite in an abandoned city bus, which he calls "The Magic Bus". At first, McCandless is content with the isolation, the beauty of nature around him, and the thrill of living off the land. He hunts with a .22 caliber rifle, reads books, and keeps a diary of his thoughts as he prepares himself for a new life in the wild.

پەیوەست-بوونی مرۆڤ بە ژینگەوە وەک ویستی تاکەکەسیی، دۆزینەوەی خودە؛ خودئاگایی وەک دەرئەنجامی پڕۆسێسە مێژووییەکە ئەوەی مرۆڤایەتی پیایدا تێپەڕیوە (لە هۆمۆ ساپیەنسێکی ئاسانەوە بۆ هۆمۆیەکی مۆدێرن و ئاڵۆز) پەیوستە بە تێگەیشتن لە ژینگەی دەوروبەر. وەرگرتن (استیعاب)ی ئەو زانیارییە ژینگەییانەی دەروون و کەسایەتیی تاک دروست دەکەن، کاریگەرییان لەسەر هەڵسوکەوت و بڕیارەکان هەیە. ژینگە بەشێکە لە پێناس و شێوازی ژیانی تاک، زانیارییە ژینگەییەکان بنەمای ئەو هەوڵ و توانایانەن کە مرۆڤ لەسەر ئاستی تاک چ لە ژینگەیەکی سروشتی یاخود دەستکرد بێت، کاریان بۆ دەکات.

فیلمی (Into the Wild) کە لەسەر بنەڕەت و کتێبێکی (Jon Krakauer) دەرهێنراوە، زەمینەیەکی ڕاستەقینەی هەیە و پاشخانی ڕووداوەکان لە بەسەرهاتی ڕاستەقینەی (Christopher McCandless) پرۆتاگۆنیست و کەسایەتی فیلمەکە وەرگیراون. بەم شێوەیە تێڕووانین لە بنەما فیکرییەکان و ناسینەوەی ئەو ئایدیایانەی فیلمەکە پێشنیاریان دەکات ڕوون و ئاشکران. جیاواز لە هەر فیلمێکی دیکەی فۆرماڵیزمیی کە کار بۆ بەهێماکردن دەکەن، ئەم فیلمە لەڕووی پێکهاتنەوە شێوازێکی کلاسیکی هەیە. بەم جۆرە قسەکردن لەسەر ئاکت و فاکتەکان، جووڵانەوە و بیرۆکەکانی نێو فیلمەکە بە پشتبەستنە بە تێڕووانینی کریستۆفەر بۆ ژیان وە دواتر لێکدانەوەی هەوڵەکان لە تێڕووانینی تاکەکەسییەوە.

هەوڵی کریستۆفەر کە ئاڕاستەکەی لە ناوەوەی کۆمەڵگەیە بەرەو دەرەوەی (لە سنووری کۆمەڵگەوە بۆ سنووری ژینگەی سروشتی) هەوڵێکە کە گوزارشت لە یاخیبوونی تاک دەکات. هەر بۆیە ناونیشانی فیلمەکە (بەرەو ناو سروشت) یەکەمین واتا و سەرەتاییترین وێنەدانەوە (انطباع) لەسەر کۆی فیلمەکە دروستدەکات، کە بریتییە لەوەی هەوڵێک هەیە بۆ چوونە دەرەوە لە سیستەم و ڕەهابوونی تەواوەتی بڕیار و ویستەکان و بیرکردنەوەی تاک. سروشت کە ژینگەی سەرەکییە لێرەدا، وەک لایەنێکی ئەم پڕۆسە دواڵیزمییە بەرانبەر بە کۆمەڵگە و کۆمەڵگەی مۆدێرن بەتایبەتی دەوەستێتەوە. کریستۆفەر کە تەمەنی زیادترە لە دوو دەیە، خاوەن کەسایەتییەکی شکاوەیە و بەهۆی گرفتە کۆمەڵایەتییەکانەوە نائاگایە لە خود و دوورە لە ناسینی خود. ئەو ژینگە دەستکردەی کۆمەڵگە بووەتە هۆی پێکهاتنی، بەرخۆری و ویستی بەردەوام بۆ سەپاندنی هەژموون بەسەر ئەوانی دیکە و سنووردارکردنی ئازادی ژیانکردن و دۆزینەوە و ناسین، کریستۆفەریان خستووەتە سنووری نائاگاییەکی بەسیستەم-کراوەوە. ئەو بۆشاییە قووڵەی لە ناخ و کەسایەتیی ئەودا دروست بووە، دەرئەنجامی ئەو قەرەباڵغییە ناسروشتییەیە کە مرۆڤی کردووە بە ڕۆبۆت، بە لێکدانەوەیەکی دیکە: لێسەندنەوەی ئازادی ژیانکردن و بڕیاردان و دۆزینەوە.

چوونە دەرەوەی کریستۆفەر لە سنووری کۆمەڵگەدا هەڵهاتنە لە گرفتەکان، دوورکەوتنەوەیە لەو کێشانەی کە تاک ڕۆڵی نییە لە چارەسەرکردنیاندا. بۆیە وەک ئەڵتێرناتیڤ خۆشویستن و گەڕانەوە بۆ سروشت لەلای کریستۆفەر سەرهەڵدەدات. بوونی خۆشەویستی بۆ سروشت، خۆشەویستییەکی بێئەزموونە لەلای ئەو. لە کۆتایی فیلمەکەدا ڕاستی نەبوونی ئەزموونی کریستۆفەر لەگەڵ خۆشەویستی ژینگە و سروشتدا دەردەکەوێت. پرسی ناچراڵیزم هەرچەندە خۆشەویستییە، بەڵام ئەزموون و تاقیکردنەوەی بەردەوامی پێویستە. مرۆڤە ئاڵۆز و مۆدێرنەکانی ئێستە بە ئاسانی توانای پەیداکردن و دروستکردنی پەیوەندیی خۆشەویستییان نییە لەگەڵ سروشتدا بەشێوەیەکی خێرا و بلەز. چونکە خۆشویستنی سروشت، وەرگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو ئاستەنگ و بەرەنگاری و جوانی و زبرییانەیە کە مرۆڤ پێیان دەگات و قبووڵکردنیانە. بەراورد بە مرۆڤە سەرەتاییەکان، هەوڵی مرۆڤی مۆدێرن هێندەی بۆ دۆزینەوە و خۆناسییە هێندە بۆ مانەوە و ڕزگاربوون نییە. بەڵام لە ڕاستییدا هەوڵدان بۆ مانەوە و ڕزگاربوون، بنەڕەتی ژیانە و دەکرێت لە داهاتوودا و بە گەیشتن و نزیکبوونەوە لە قۆناغی مرۆڤەخوا دووبارە ڕووبەڕووی ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە ببینەوە.

ویستەکانی کریستۆفەر هاوشێوەی ئەو خۆشەویستییە عیرفانی و ڕۆحیانییەیە کە هەندێک لە تاکە باوەڕدارەکان هەیانە بۆ سروشت. بوون بە بەشێک لە سروشت بیرۆکەی سەرەکی و پرسی (گەڕانەوە بۆ سروشت خۆناسییە، خۆناسیش خوداناسییە) جەوهەرێکی دیاری باوەڕی کریستۆفەرن. ئەو لە دیمەنێکدا دەڵێت: "تۆ هەڵەیت گەر وەها بیربکەیتەوە کە خۆشبەختی تەنها لە پەیوەندی نێوان مرۆڤەکاندایە. خودا ئەو خۆشبەختییەی لەهەموو دەوروبەرماندا داناوە. ئەو خۆشبەختییە لە هەمووشتێک و هەموو ئەو ئەزموونانەدایە کە تاقییان دەکەینەوە. پێویستە ئازایەتیی ئەوەمان تیادابێت ڕووبەڕووی شێوازی ژیانکردنی باو ببینەوە و بەرکەوتنمان لەگەڵ ژیانێکی ناباو هەبێت." ئەم عەقڵییەت و بیرکردنەوەیەی کریستۆفەر پێمان ڕادەگەیەنێت کە کریستۆفەر وەک تاکێک کە کەمترین سۆز و خۆشەویستیی لە مرۆڤەکاندا دۆزیەوەتەوە و دەگات بەو باوەڕەی ژیان لە سروشت و بەرکەوتن لەگەڵ سروشتدایە. بەڵام گرفتی ئەم بیرکردنەوەیە لەلای ئەو، نەبوونی ئەزموون و نائاشنایەتییە لەگەڵ هەموو ئەو هەست و کاریگەری و ئاستەنگ و ئاڵەنگارییانەی سروشت بە مرۆڤیان دەبەخشێت. گەڕانەوە بۆ سروشت بە واتای هەوڵدانە بۆ مانەوە لە زەمینەدا، پاشان و پاش هەوڵدان بۆ ڕزگاربوون تێڕامان و تێگەیشتن لەوەی ژینگە و سروشت چییە، هەروەها بەستنەوەی سروشت بە خۆمانەوە خودئاگایی و خۆناسی لێدەکەوێتەوە. پێدەچێت لێرەدا ئەو یاسایەی باس لە مانەوەی بەهێزترینەکان دەکات بەس نەبێت وەک پێناسەیەک بۆ دۆخی کریستۆفەر بەڵکو لەگەڵیشیدا یاسای مانەوەی بەهێزەکان لە سروشتدا تەنها بۆ مانەوە نییە بەڵکو بۆ ئەزموونکردنی تاکە بە هەستی ژیانکردن و ئازادبوونی ڕەها.

ڕەهەندێکی دیکەی بیرکردنەوە لەلای کریستۆفەر خۆشویستنی شتە ورد و بچووک و سادەکانە. قایلبوونە بەوەی مرۆڤ خاوەنی چییە و کێیە. بەنرخ سەریکردنی شتەکان هەرچەندە سادە و ئاسان بن، دەکرێت گەورەترین خۆشبەختی و ئازادی ببەخشن بە مرۆڤ. لەڕاستییدا گەڕانەوە بۆ سەرمایەداری و ئاڵۆزی و قەرەباڵغییەکی زۆری ماددیی و مرۆیی لەدەوری تاکەکاندا دەبنە هۆکاری هەستکردن بە نامۆیی و دوورکەوتنەوە لە پێناسە ڕاستەقینەکەی ژیان و پێناسە ڕاستەقینەکەی خود. مرۆڤ لە ئاڵۆزییەکاندا یاخود بە واتایەکی دیکە ئەو مرۆڤانەی بە جوانی و ماددە و قەرەباڵغی دەورەدراون بەڕاستی نازانن کێ ئەوانی خۆشدەوێت و کێ ئەوانی لەلا پەسەندە. ئەمە وەک هەستکردن بە بوون کاریگەرییەکی گەورە لەسەر دەروونی تاکەکان دروست دەکات. ئەو مرۆڤانەی هەمیشە بەدوای ئاڵۆزی ماددە دەکەون، ئەوانەی زیادتر بەلای ژمارەدا دەچن وەک لە کواڵێتی، ئەوانەن کە نازانن نرخی ڕاستەقینەی خۆیان لەچیدایە و کێ بەنرخەوە لێیان دەڕووانن. دەتوانین بڵێین ئەوانە دەبنە سێبەری شمەک و بەرخۆری، سێبەری جوانی و قەرەباڵغییە بێواتاکان. هەوڵی کریستۆفەر بۆ گەیشتنە بە ڕاستی، هەستکردنە بە ڕاستیبوونی ژیان و بوون، لە ئاست و سنووری تاکدا. کە ئەمەیش خۆی لەخۆیدا ئەو ئایدیایەیە کە پێشنیاری ئەوە دەکات کە هەموومان بەشێکین لە ژینگە و سروشت، بەشێکین لەو ئازارە ڕاستەقینەیەی واتا بە بوون دەبەخشێت. کەواتە سوپاسگوزاری بۆ بچوکترین و سادەترین ئەو دەستکەوت و هەبووانەی مرۆڤ، دەبێتە خۆشحاڵی و جێی بەختەوەری. بەڵام لەلای کریستۆفەر، ئەو کاریگەرییانەی بەهۆی خێزان و کۆمەڵگەوە دروستدەبوون، بوونە هۆکاری ئەوەی کریستۆفەر شتە بەنرخ و سادەکانی خۆی فەرامۆش بکات و بەبێ ئەزموون بەدوای ئازادی و ڕەهاییدا بچێت.

سەرەتاییترین هەڵەکانی کریستۆفەر لەوەدا بوون کە باوەڕی بە خۆشەویستی مرۆڤەکان نەما، هاوکات تاوانباری سەرەکیش خودی کۆمەڵگە خۆیەتی. کریستۆفەر کاریگەرییەکان بەشێوەیەکی گشتی لێکدەداتەوە و بڕیارەکانی بەسەر کۆی کۆمەڵدەگا دەدات. ئەو لە ماوەی گەشتەکەیدا ئاشنای زۆر کەسایەتیی و ئەزموون و عیرفان و زانینی جیاواز دەبێتەوە. هەریەکێک لەو کەسایەتییانە وەک وانە، ناڕاستەوخۆ باوەڕی کریستۆفەر بە خۆشەویستی دەبوژێننەوە. بەڵام ئەو هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستی بە چوونەدەرەوەیە لە سنووری کۆمەڵگە و فەرامۆشکردنی پەیوەندییە مرۆییەکان. دەبینین لە دیمەنێکی زۆر کاریگەر و ڕاستەقینەدا کریستۆفەر دەنووسێت و دەگات بەوەی کە: "دڵخۆشی تەنها ئەوکاتە ڕاستەقینەیە کە بەشدەکرێت." ئەمەش وەک دەرئەنجام بۆ ئەو ئایدیا و بیرۆکەیەی دەگەڕێنمەوە کە لە دەیمەنێکدا کریستۆفەر پیاوێکی بەتەمەن دەناسێت و پێی دەڵێت: "کاتێک دەبووریت، خۆشەویستی دەبەخشیت. وە کاتێک خۆشەویستی دەبەخشیت ڕووناکی خودا بە ڕووتدا دەدرێتەوە."

پێموایە کە گەڕانەوە بۆ سروشت پیرۆزیی و بنەڕەتی زانینەکانە، خۆشویستنی سروشتیش بریتییە لەوەی سروشت چیت پێدەبەخشێت. خۆشویستنی مرۆڤەکانیش لە سنووری سروشتدا گەورەترین خۆشبەختییە کە مرۆڤ دەتوانێت پێی بگات.

دەربارەی تێکنیکی فیلمەکە هیچم نییە بۆ وتن، خۆتان بیبینن.

610 views
Loading...