Reviews & Ratings for
Dark (2017)

updated
Hawre Kamal reviewed Dark
شیکردنەوەى زنجیرەى دارک
لاپتۆپەکەمم ئامادە کردووە و تەماشای زنجیرەیەکی نوێ دەکەم هەر لەگەڵ یەکەم دیمەندا وتە بەناوبانگەکەی ئاینیشتاین دێتە بەر دیدەم "جیاوازی لە نێوان ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا تەنها وەهمێکی کەلەڕەقانەیە" ئەمە واملێدەکات زیاتر سەرنج بخەمە سەر شاشەکە چونکە دەزانم لەدەستدانی بچووکترین دیمەن لە زنجیرەی ڕووداوەکاندا ونم دەکات، بەڵێ ئێمە باسی زنجیرەی دارک دەکەین.

سپۆیلەر ئالێرت،

زنجیرەی ئەڵمانی "دارک ـ Dark" زنجیرەیەکی تۆڕی نێتفلیکسە و تا ئێستا دوو وەرزی لێ بەرهەم هاتووە و دەتوانین بڵێن بە کورتی دەربارەی "گەشتی کات - Time Travel"ە و ڕووداوەکان لە شارۆچکەیەکی ئەڵمانیا بەناوی ویندن ڕوودەدەن و چیرۆکی سێ نەوەی ئەو شارۆچکەیە دەگێڕێتەوە لە چەند کاتێکی جیاوازدا واتە بۆ هەر کەسایەتیەک سێ کاراکتەرمان هەیە و ڕووداوەکان بە وردی لەم ساڵانەدا ڕوودەدەن(1921، 1954، 1986، 2019، 2052) سەرنج بدەن جیاوازییەکە 33 ساڵە، ڕووداوەکانیش لە سوڕێکی 33 ساڵیدا هەمیشە دووبارە دەبنەوە، هەندێ لە کارەکتەرەکان دەتوانن گەشت بکەن بەناو کاتدا لە ڕێگەی ئەشکەوتەکە، یان ئامێری کاتەکە، یان کورسی ناو ژێرزەمینەکە کە نوح دروستی کردووە ئەمانە دەتوانن 33 ساڵی بتگەڕێننەوە بۆ دواوە یان 33 ساڵ بۆ داهاتوو، بەڵام لە هەموویان پێشکەوتووتر کونە کرمیەکەی ئادەمە کە ئەم سوڕە 33 ساڵیە تێکدەشکێنێت و دەتوانیت بۆ هەر شوێن و کاتێک بتەوێت گەشت بکەیت.

وەک وتمان زنجیرەکە ئەڵمانیە وە پاشخانی زنجیرەکەش پشتی بە بیردۆزەکانی دوو زانا و فەیلەسووفی گەورەی ئەڵمانی بەستووە ئەوانیش فریدریک نیچە و ئەلبێرت ئاینیشتاینی بلیمەتن، بزانین چۆن؟
نیچە بیردۆزێکی هەیە بەناوی "دووبارەبوونەوەی هەتاهەتایی ـ Eternal Recurrence " بە پێی ئەم بیردۆزە گەردوون و هەموو وزە و بوونەکانی ناوی بەردەوام بە شێوەیەکی دوانەهاتوو و لەناو ژمارەیەک "شوێن-کات"ی بێکۆتاییدا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، بە پێی ئەم بیردۆزەی نیچە من چەندەها جاری تر لە ڕابردوودا ئەم وتارەم نووسیوە و تۆش خوێندووتەتەوە و لە داهاتووشدا ئەمە بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، بەڵام لە زنجیرەی دارکدا ئەم دووبارەبوونەوەیە 33 ساڵ جارێک ڕوودەدات.

گەشتی کات لەم زنجیرەیەدا پشتی بە "کونە کرمیەکان ـ Worm Holes" بەستووە کە ئەمەش یەکێک لە بیردۆزەکانی ئاینیشتاینە، یەکەمجار بیرۆکەی کونە کرمیەکان ساڵی 1916 سەری هەڵدا کاتێک لودویک فلام بە پشت بەستن بە بیردۆزی ڕێژەیی گشتی ئاینیشتاین پێشنیاری هەبوونی "کونە سپیەکان ـ White Holes"ی کرد کە پێچەوانەی "کونە ڕەشەکان ـ Black Holes" شت فرێ دەدەنە دەرەوە کە کونە ڕەشەکان شت هەڵدەلوشن، دواتر لە ساڵی 1935دا ئاینیشتاین و فیزیازانی ئیسڕایلی نەیسن ڕۆوزن هەر بە پشت بەستن بە بیردۆزی ڕێژەیی گشتی پەرەیان بە بیرۆکەکە داو وتیان لەناو "کات/شوێن ـ Time/Space"دا کۆمەڵێ پرد بوونی هەیە کە دوو خاڵی جیاواز پێکەوە دەبەستێتەوە، ماوەی کات و دووری نێوان ئەم دوو خاڵە کەم دەکەنەوە ناویان لێنا "پردەکانی ئاینیشتاین/ ڕۆوزن ـ Einstein/Rosen Brdiges" کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بەم پردانە دەڵێین کونە کرمیەکان، کە دەتوانن دوو خاڵی جیاواز پێکەوە ببەستنەوە کە دووری نێوانیان هەزاران ساڵی ڕووناکی بێت، یان چەند مەترێکی کەم بێت، یان لە دوو گەردوونی جیاوازدا بن، یان دوو خاڵی جیاواز لە ناو کاتدا وەک ئەمەی زنجیرەی دارک.

رووداوەکان ئەو کاتە دەستیان پێکرد کە باوکی جۆناس خۆی کوشت، بەڵام دواتر بۆمان دەرکەوت کە ئەوە سەرەتا نەبووە کەواتە تا ئێستا نازانین لەکوێوە ئەم دووبارە بوونەوەیە دەستیپێکرد، لە کۆتایی وەرزی دووەمدا بینیمان نامۆکە(جۆناسی تەمەن مامناوەند) لەگەڵ ماگنەس و فرانزسیسکا و بارتۆز گەشتیان کرد بێگوومان دەگەرێنەوە بۆ ساڵی 1921 و نامۆکە دەبێتە ئادەم و ئەوانیش دەبنە هاوکارەکانی وەک لە وێنەی گەشتیارەکاندا دەیبینین ئادەم لە ناوەند وەستاوە و ئەوانیش لە دەوری ئەون، لێرەوە ئادەم ڕێبازێک دەدەمەزرێنێت بەناوی "جیهان ئاوا دروستبووە" کە ئەندامانی ئەم کۆمەڵەیە دەتوانن گەشت بە کاتدا بکەن، کەواتە ئادەم چی دەوێت؟ ئادەم نایەوێت بە هیچ شێوەیەک ڕێڕەوەی ڕووداوەکان بگۆڕێت بەڵکو دەیەوێت هەمووی وەک خۆی ڕووبدات میکڵ ون ببێت، مایکڵ خۆی بکوژێت، کۆتای جیهان ڕووبدات، تەنانەت مردنی خۆشەویستەکەشی مارسا کە بە جۆناس دەڵێت ئازاری مردنی مارسا وای لێدەکات لە داهاتوودا ببێت بە ئادەم، دەیەوێت ئەم جیهانە بەتەواوی لەناو بچێت و جیهانێکی نوێ دروست بکات بەبێ کات(کە لەلای ئەو کات خودایە) کەواتە ئادەم پێشتر بە هەموو ئەو ڕووداوانەدا تێپەڕیووە و دەزانێت هیچی لەدەست نایەت پێویستە تا کۆتای هاتنی ئەم سوڕە چاوەڕێ بکات دەزانێت هەموو داهاتووی تۆ هۆکار و بەرەنجامی ڕووداوێکی ترە بەڵام سەرەڕای ئەوەش لە دژی کات دەجەنگێت و دەیەوێت مرۆڤەکان لە زیندانی کات ڕزگار بکات.

بەلای ئەوەوە ژیان شەتڕەنجە و ئەویش بێ بەزەییانە وەک سەربازێکی ناو شەتڕەنج دەست بەسەر خەڵک و ڕووداوەکاندا دەگرێت لە ناویشیاندا ڕکابەرەکەی کڵاودیا، لە دایک دەبیت، دەژیت، دەمریت هیچت بەدەست نیە، ئەو خودایەی مرۆڤایەتی لە سەرەتای مێژووەوە پەرستوویەتی هەر کات خۆیەتی، واتە خودا بوونێکی زیرەک یان بەکردار نیە بەڵکو پڕەنسیپێکی فیزیاییە کە بە تەواوی چارەنووسی مرۆڤایەتی کۆنتڕۆڵ کردووە و تۆش هیچت لەدەست نایەت، خودا کاتە و کاتیش هیچ بەزەیی نیە ئەمە تێڕوانینی ئادەمە بۆ ژیان، بەڕای من دەرهێنەری زنجیرەکە سوودێکی زۆری لە کتێبی "زەردەشت وەها دوا ـ Thus Spoke Zarathustra"ی نیچە وەرگرتووە بەوپێیەی ئادەم زۆر لەو "مرۆڤی باڵا ـ Superman"یە دەچێت کە نیچە لە کتێبەکەیدا بۆمانی وێنا دەکات، ئادەم ئەوەی قبوڵکردووە کە ناتوانێت نە ڕابردوو نە داهاتوو بگۆڕێت وە هەر بڕیارێک کە لە ژیانیدا داوێتی دەتوانێت چەند جاری تر بێ پەشیمانی دووبارەی بکاتەوە، ئادەم بە نوح دەڵێت هێشتا فێر نەبوویت چۆن یاریەکە ئەنجامبدەیت، چونکە نوح باوەڕی وایە دەتوانێت ڕووداوەکانی ناو سوڕەکە بگۆڕێت وا دەزانێت ئادەمیش دەیەوێت هەمان کار بکات، ئەم قبووڵکردنی واقیعەش دەمانبات بەرەو چەمێکی تری نیچە ئەویش "خۆشویستنی چارەنووس ـ Amor Fati - Love of Fate".

کڵاودیا تیدمان ژنێکی پیر کە وادەردەکەوێت لە زۆربەی بڕیارەکانی ژیانی پەشیمان بێت، یەکەم ژنە کە لە ساڵی 1986دا دەبێتە بەڕێوبەری وێزگە ئەتۆمیەکە و تێبینی حاڵەتێکی تیشکدانی نائاسایی دەکات لە داتاکانی ساڵی پێشوودا و کە ئەو حاڵەتەش بەڵگەیەکە بۆ هەبوونی "تەنۆلکەی خودا ـ God Particle" کە ئەو مادەیەیە "ئامێری کات ـ Time Machine" بەکاریدەهێنێت بۆ گەشتەکان، ئەم تەنۆلکەی خودایە لە جیهانی زانستدا پێی دەوترێت بۆزۆنی هیگز کە لە ساڵی 1960 لەلایەن سێ زانای فیزیاییەوە پێشبینی هەبوونی کرا بوو کە دەڵێت تەنۆلکە سەرەتاییەکانی وەک پڕۆتۆن و ئەلیکترۆن بەهۆی کاریگەریان لەگەڵ بۆزنی هیگزدا بارستاییان هەیە بەڵام بوونی ئەم تەنۆلکەیە تا ساڵی 2012 نەسەلەمێندرا کاتێک لەو ساڵەدا بەهۆی "پێکدادەری گەورەی هایدرۆنیەوە - HLC" دۆزرایەوە، کلاودیا هەر خۆشی ئامێری کاتەکەی دروست کردووە چونکە ئەوبوو نەخشەی دروستکردنەکەی دا بە سەعاتچیەکە و داوای لێکرد ئامێرەکەی بۆ دروست بکات، جا کڵاودیا لە دژی ڕێبازەکەی ئادەمە و هەوڵدەدات ڕێڕەوی ڕووداوەکان بگۆڕێت تا سوڕە 33 ساڵیەکە تێکبشکێنێت و وا پێدەچێت نامۆکە(جۆناسی تەمەن مامناوەند) هاوپەیمانی بێت، کەواتە ئادەم و کلاویا هەردووکیان هەمان ئامانجیان هەیە ئەویش شکاندنی سوڕەکەیە بەڵام بە دوو ڕێگەی جیاواز بەڵام هێشتا نازانین کامیان باشە و کامیان خراپ دەبێت یەکێکیان ڕاست بکات، هەڵبەت لە وەرزی سێیەم و کۆتاییدا وەڵامی ئەوەمان دەستدەکەوێت.

جا ڕێبازەکەی ئادەم تاقیگەیەکیان هەیە کە بارستەیەکەی ڕەشی گەورەی تێدایە(من لە سەرەتای وتارەکەدا بە کونە کرمیەکەی ئادەم ناوم هێنا) ئەم بارستە ڕەشە دوا قۆناغی گەشەسەندنی "ئامێری کات ـ Time Machine"ە کە بە سوود وەرگرتن لە کۆیلی تێسلا دەتوانێت بۆ هەر شوێن و کاتێک ئارەزووی دەکەی گەشت بکەیت دروستکردنی ئامێری کات لە کورسی ناو ژێرزەمینەکەوە دەستی پێکرد کە نوح کاری لەسەر دەکرد و منداڵەکانیشی هەر بۆ تاقیکردنەوەی ئەو ئامێرە دەڕفاند، ئەم کونە کرمیەی ئادەم لە ساڵی 2053دا واتە دوای کۆتای جیهان لەناونەچووە جۆناس بەکاردێنێت بۆ گەڕانەوە بۆ ڕابردوو بەڵام ئەو خەڵکانەی ماونەوە هیچیان ئاگاداری ئەمە نین چونکە شوێنەکەی قەدەغە کراوە و ئەو خەڵکە ڕێبازەکەی ئادەم وەک ڕزگارکەر دەبینن و ئیلیزابێسی کچی شارلۆت سەرکردایەتیان دەکات کە نوح بەڵێنی پێداوە ڕێگەی ناو ئەشکەوتەکە ڕۆژێک دەکرێتەوە و خەڵکی لەوێوە بەرەو بەهەشت دەڕۆن، لە سەرەتای وەرزی دووەمدا بینیمان کاتێک گروپەکەی ئیلیزابێس دوو پیاو لە سێدارە دەدەن چونکە چوونەتە ناوچەی قەدەغەکراو یەکێکیان دەڵێت"تۆ ناتوانیت خودا بشاریتەوە، ئەو بەتەنها هی تۆ نیە" مەبەستیان لە خودا مادە ڕەشەکە بوو.

کاتێ لە وەرزی یەکەمدا منداڵەکان ونبوون وتمان پرسیارەکە "لەکوێ" و "کێ" و "چۆن" نیە بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە "کەی" ڕوویدا؟ بەڵام لە کۆتای وەرزی دووەمدا بینیمان کاتێک مارسا مرد دوای کەمێک مارسایەکەی تر هات و جۆناس پرسیاری لێکرد لە چی کاتێکەوە هاتوویت؟ بەڵام وتی پرسیارەکە "کەی" نیە بەڵکو ئەوەیە لە "چی" جیهانێکەوە هاتووم؟ واتە لە وەرزی سێیەمدا مەسەلەکە دوو ئەوەندەی تر ئاڵۆز دەبێت، چونکە بیردۆزی "فرەگەردوونی ـ Multiverse"یش هاتە ناو مەوزوعەوە و دەکرێت لە وەرزی سێیەم دا لەباتی سێ کارەکتەر بۆ هەر کەسایەتیەک شەش کارەکتەرمان هەبێت!

بە گشتی زنجیرەی دارک دەپرسێت مرۆڤ چیە؟ خودا چیە؟ لە کوێوە گەیشتین بە ئێرە؟ ئایە بەڕاستی ئێمە لە ڕەفتارەکانمدا ئازادین؟ یان لەلایەن هێزێکی بان سروشتیەوە ئاڕاستە دەکرێین؟ ئەو هێزە خودایە؟ یان پڕەنسیپێکی فیزیایە و بەشێکە لە سروشت؟ دەتوانین ئەو خودایە تێپەڕێنین؟

جا لە ڕووی سینەماتۆگرافیەوە بەجدی بێ وێنەیە کارێکی هونەری پوختە و دیمەنەکان زۆر سەرنجڕاکێشن لە پاڵ ساوندتراکێکی ناوازەدا بەتەواوی تێکەڵ بە چیرۆکەکەت دەکەن، بەس ئەوەی زۆر سەرسامی بووم لە زنجیرەکەدا هەڵبژاردنی کارەکتەرەکان بوو وەک وتمان بۆ هەر کەسایەتیەک سێ کاراکتەرمان هەیە بەس ئەم سێ کارەکتەرە ئەوەندە لێک دەچن هەر دەڵێی یەک کەسن و لە سێ تەمەنی جیاوازدا وێنەی گیراوە.

فەرهەنگۆک/
پێکدادەری گەورەی هایدرۆنی ـ LHC = Large Hadron Collider یەکێک لە گەورەترین ئامێرەکان کە مرۆڤ توانیویەتی دروستی بکات تا ئێستا، بۆ لێکۆڵینەوە لە جیهانی وردی گەردیلەیی 'مایکرۆسکۆپیک' دواتر بووە هۆی دۆزینەوەی تەنۆلکەکانی بۆزۆنی هیگز، ئەم تاقیگەیە لە شاری سێرنی سویسرایە و بریتیە لە تونێلێک کە درێژییەکەی حەڤدە میلە و بۆ ماوەی دە ساڵ کار لە دروستکردنیدا کراوە.

Dark - 2017
IMDb rate: 8.7/10
Rotten Tomatoes: 94%
My rate: 9/10
1032 views
Loading...
Lenora reviewed Dark
Worth the darkness!
What would you do if you could travel back and forth in time? Let the Germans answer that for you! This masterpiece would make you go round and round in circles but when everything starts falling into place, it'll be worth the dizziness!
576 views
Loading...
The first season is great but then they strated overusing the same concept of everywhere. I fealt like being fooled as audience but nevertheless I enjoyed the first season.
Loading...
This gem of a German series is a must watch. It also features beautiful soundtrack that will surely make your next favorite playlist.
Loading...
Loading...
updated
Loading...
updated
Loading...
updated
PK Khadar rated Dark
Loading...
Loading...
Pratimesh rated Dark
So confusing yet so brilliant.
Loading...
Loading...
Loading...
Anonymous User rated Dark
Loading...
Csipcsip rated Dark
Loading...
Loading...